ئەمڕۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت
شەممە، 26ـی نیسانی 2025، کاتژمێر 10:00 بە بەشداریی نزیکەی 50 پارتی سیاسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد، به پاڵپشتیی سهرۆك بارزانی و لایهنه نێودهوڵهتییهكان لە قامشلۆ بەڕێوە دەچێت.
لایەنەکانی بەشدار، پارتەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دوو پارتی دیکەن، هەروەها نزیکەی 300 کەسایەتی بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن، جگه له ناوچهكانی ڕۆژئاوا و باكووری ڕۆژههڵاتی سووریا، كهسایهتییهكانی حهلهب و دیمهشق و ئهعزاز و حهما و ئهلباب، بهشداریی دهكهن.
ئامانج لەم کۆنفرانسە، ڕاگەیاندنی یەکهەڵوێستیی کورد و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردییە بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد.
هاوکات شاندێکی دەم پارتی بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستانە و بڕیاریشە شاندێکی هەرێمی کوردستانیش بەشداری کۆنفرانسەکە بکات.
له ههرێمی كوردستانهوه نوێنهری سهرۆك بارزانی، دكتۆر حهمید دهربهندی، بهشداری كۆنفرانسهكه دهكات و ههر دوێنێ شاندێكی پارته سیاسییهكانی باكووری كوردستانیش گهیشتنه ڕۆژئاوای كوردستان.
لەو سەردانەدا، دەربەندی، ئاماژەی بە گرنگیی بەستنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی کردووە کە ئەمڕۆ لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەبەسترێت، تیشکی خستە سەر ئەوەی گەلی کورد بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو دەدات، ئومێدی کردووە، کۆنفرانسەکە ببێتە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی بنەمای یەکخستنی نیشتمانیی کوردستان.
کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بەڕێوە دەچێت و لەماوەی ڕابردوودا سەبارەت بەو پرسە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە و چەند لایەنێکی دیکە کۆ بووەوە.
هەر لەوبارەوە عەبدلوەهاب خەلیل، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد، بە سیپان خەلیل، نێردراوی کوردستان24 بۆ کۆنفرانسەکەی ڕاگەیاند "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە باشترین شێوە ئامادەکاریمان بۆ کۆنفرانسەکە کردووە، هیچ کەموکورتییەکی نییە و دەمانەوێت بە شێوازێکی نەتەوەیی و کوردستانی بەڕێوە بچێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئامادەکار، میوانان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی جیهان، بەشداریی کۆنفرانسە کوردییەکە دەکەن و هیچ بەربەستێک لە بەردەم بەشداریی هیچ لایەنێکدا دانانرێت.
عەبدلوەهاب خەلیل ئاماژەی بەوەش دا "کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ شەممە، 26-04-2025، دەست پێ دەکات، بەڵام نازانین کەی کۆتایی دێت. ئامانجی کۆنفرانسەکە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکە کە دەربڕین لە ویست و داواکارییەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات، تاوەکوو لەسەر بنەمای ئەو ڕەشنووسە، دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکرێت."
