کۆنفرانسی باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوە دەچێت

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

بڕیارە کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 26-04-2025، لە هۆڵی ئاشتی، لە شاری سلێمانی، کۆنفرانسی باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان ببەسترێت. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆنفرانسەکە، بە سەرپەرشتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئامادەبوەنی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەڕێوە دەچێت. 

باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستووەتە ڕوو "ئەو هەڵسوڕاوانەی مافی بەشداری و ناویان لە لیستی دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، دەست لەناو دەست، ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەپێناو سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاریی و نوێبوونەوە و بەشداریی کۆنفرانسەکەی سبەی بکەن."

لە بەرانبەر بەستنی کۆنفرانسی باڵی کوردسات، بزووتنەوەی گۆڕان باڵی گردی زەرگەتە، پەیامێکی بۆ ڕاى گشتى بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پێشتر لەڕۆژى 5ى نیسانی 2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسى دامەزراندنى بەڕێوە بردووە، هەربۆیە بە یاسایی داواى پەسەندکردنى کۆنفرانسە دەکات و چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی دەکات. 

هەروەها ڕەخنەی گرتووە و ئاماژەی داوە، سەرەڕای بەستنی کۆنگرە، کەچی بە بڕیارێکى کۆمسیۆن سبەینێ کۆنفرانسێکى نوێ دەکرێت، هەربۆیە لەڕووى یاساییەوە تا وەڵامى کۆنفرانسی 5ی ئەم مانگە وەرنەگرێتەوە، کۆنفرانسەکەى سبەی خەوشى قانونی لەسەرە و دڵنیاین سبەینێ ڕێژەی یاسایی کۆنفرانسەکە تەواو نابێت.

باڵی زەرگەتەی گۆڕان ڕاشیگەیاندووە، بەگوێرەى یاسا دەبێت 1064 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمیی ئامادە بن، بۆیە بەرپرسیارێتى یاسایی سەبارەت بە  ڕێژەى یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەبێت خۆی لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی بە دوور بگرێت.