محەممەد ئیسماعیل: پشتیوانییەکانی سەرۆک بارزانی بەهێزە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد

محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا

سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا(ئەنەکەسە) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی گرنگ و سەرەکییە لە یەکخستن و یەکڕیزیی کورد، دەشڵێت، بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی لەلایەن هێزە سیاسییەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان ڕێزی لێ دەگیرێت.
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا(ئەنەکەسە) لەبارەی بەستنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ کوردستان24ـی گوتی: ئەمڕۆ 26ـی نیسان، ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، چونکە کۆنفرانسێک بۆ یەکڕیزی و یەکخستنیی میللەتی کورد لە قامیشلۆ، بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی گرنگ و سەرەکییە، گوتی: سەرۆک بارزانی خەمخوری هەر کوردێکە لەهەر شوێنێک. خەمخۆری دۆزی کوردە، سەرۆک بارزانی و بۆچوونەکانی لە لایەن بزاوتی ڕزگاریخوازیی کوردی و لایەنی نێودەوڵەتی جێی باوەڕە و ڕێزی لێ دەگیرێت.
گوتیشی: پشتیوانییەکانی سەرۆک بارزانی، پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد، لەبارەی ناردنی نوێنەری خۆشیان بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسەکە، محەممەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسەکە، دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بەهێزی  سەرۆک بارزانییە بۆ یەکڕیزی و یەکخستنی کورد.
لەبارەی پرسی سیستەمی فیدراڵیش لە سووریا، محەممەد ئیسماعیل گوتی: بۆچوونەکانمان دەکەینە یەک، شاندێکی هاوبەش دروست دەکەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، هیواخوازین بتوانین مافەکانی گەلی کورد لە سووریا بەدەست بهێنین.
ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 10:00 بە بەشداریی نزیکەی 50 پارتی سیاسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی کورد، لە قامشلۆ بەڕێوە دەچێت.
لایەنەکانی بەشدار، پارتەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دوو پارتی دیکەن، هەروەها نزیکەی 300 کەسایەتی بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن، جگه‌ له‌ ناوچه‌كانی ڕۆژاوا و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، كه‌سایه‌تییه‌كانی حه‌له‌ب و دیمه‌شق و ئه‌عزاز و حه‌ما و ئه‌لباب، به‌شداریی ده‌كه‌ن.
ئامانج لەم کۆنفرانسە، ڕاگەیاندنی یەکهەڵوێستیی کورد و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردییە بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد.