هاوسەرۆکی دەبەپە: هیوادرین کۆنفرانسەکەی ڕۆژئاوا ببێتە بنەمای کۆنگرەی گشتگیریی نەتەوەی کورد
هاوسەرۆکی دەبەپە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد بە "ڕۆژێکی مێژوویی" ناو دەبات و دەڵێت: بەم زووانە هەندێک هەنگاوی جیددی بۆ ڕاگەیاندنی پرۆسەی نوێی ئاشتی دەنرێن.
کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) کە بە یاوەری شاندێک بەشداریی لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، لە لێدوانێکدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری سیپان خەلیل، نێردراوی کوردستان24 بۆ کۆنفرانسەکە دایەوە.
"ڕۆژێکی مێژووییە"
هاوسەرۆکی دەبەپە لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنفراسەکە، بە نێردراوی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسەیە، ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان و ئومێدەوارین ببێتە بنەمای یەکڕیزیی نەتەوەیی و بەڕێوەچوونی کۆنگرەی گشتگیریی نەتەوەیی بۆ ڕێکخراو و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، تاوەکوو پێکەوە داهاتوو بۆ کورد بونیاد بنێن."
لەبارەی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە، بایندەر گوتی: کێشەی کورد پێکەوە بەستراوەتەوە. کورد یەکن، کێشە، دڵ، ڕۆح و مێشکیشیان یەکە. دەیان ساڵە هەوڵ دەدرێت بە چەک کێشەی کورد چارە بکرێت، بەڵام هەمووان دەزانن هیچ ئەنجامێکی نەبووە، ئێستا کە هەوڵی سیاسی دەدرێت بۆ ئەو مەبەستە، دڵنیام ئەنجامی باشی دەبێت، چونکە کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و دەمانەوێت پێشەنگی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە بکەین."
هاوسەرۆکی دەبەپە سوپاسی سەرۆک بارزانیشی کرد و ئەوەی خستە ڕوو "سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پرۆسەی نوێی ئاشتی و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە. سوپاسی دەکەین و هەر ئەمەی لێ چاوەڕێ دەکرێت."
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان
کەسکین بایندەر لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، ئاماژەی بەوە دا "باوەڕیمان بە ئیرادەی گەلی کورد هەیە، بۆیە گەشبینین بە سەرکەوتنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. بەمزووانە هەندێک هەنگاوی جیددی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەنرێن و ئێمەش وەکوو پارتی سیاسیی کوردی، هەرچی لە دەستمان بێت بۆ ڕاگەیاندنی پرۆسەکە، دەیکەین. ئەگەر پرۆسەکە سەری گرت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت."
پێنجشەممە، 24-04-2025، شاندی دەم پارتی کە پێک هاتبوون لە گولستان کلیچ کۆچیغیت و سێزای تەمەلی جێگرانیی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی و ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتەکە لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا، کۆ بوونەوە.
هاوسەرۆکی دەبەپە دووپاتی کردەوە، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا ئەرێنی بووە و چاوەڕێن ئەو لێکگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکەدا هاتووەتە ئاراوە بۆ بە یاساییکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی بکرێنە کردار.
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری قامشلۆ، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستی پێ کرد.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دوو لایەنی سەرەکیی کۆنفرانسەکەن. هەر یەکە لە ئەنەکەسە و پەیەدە 130 ئەندامیان لە کۆنفرانسەکەدا دەبێت و ئەوانی دیکەش میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبن.
ئامانجی کۆنفرانسەکە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی پارتە سیاسییەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە لەسەر چۆنێتی بەشداریی یەکگرتووانە لە داهاتووی سووریادا، وەکو یەک شاند و بە هەڵوێست و بۆچوونی هاوبەش.
له ههرێمی كوردستانەوە، دكتۆر حهمید دهربهندی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان لە بارەگای بارزانی و لە باكووری كوردستانیش، شاندێکی هاوبەشی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و ژمارەیەک پارتی دیکە، بهشداری كۆنفرانسهكه دەکەن.