ئیلهام ئەحمەد: سەرۆک بارزانی پشتیوانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردانی ڕۆژئاوای کردووە
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە دەستپێکی کارەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان گوتی، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، ساڵانێکی دوورە و درێژە، نەوەک تەنها ڕۆژئاوای کوردستان، تەواوی پارچەکانی کوردستان، چاوەڕوانی هاتنە پێشەوەی ڕۆژێکی وان.
ئیلهام ئەحمەد، سوپاسی ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی، حەمید دەربەندی کرد، لەگەڵ پارت و هێز و ڕێکخستنەکان کە بوونەتە پشتیوانی بەهێز بۆ کۆنفرانسەکە و یەکڕیزی و یەکخستنی کورد .
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی: دەمانەوێت ڕێکخستنە سیاسییەکانمان لە چوارچێوەیەکدا بگەنە ڕێککەوتنێک، بەتایبەت لە قۆناغێکدا کە ڕۆژئاوای کوردستان دوای خەبات و تێکۆشانێکی درێژ، گەیشتووەتە ئاستێک کە پێویستە چارەنووسی خۆی دیاریی بکات.
گوتی: لەگەڵ دەوڵەتی سووریا چارەنووسی خۆمان دیاریی دەکەین، هەروەها لە دەستووردا مافی خۆمان مسۆگەر دەکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، پشتیوانییەکی بەهێزی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبینن، بەتایبەتیش پشتیوانی بەهێزی سەرۆک بارزانی بۆ یەکخستن و یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات پشتیوانی عەبدوڵلا ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە، لەگەڵ ڕێکخستنەکانی دیکەی کوردستان بۆ ئەوەی کورد بە مافەکانی بگات لە سووریادا.
ئیلهام ئەحمەد گوتی: ئێمە گوێمان لە دەنگی میللەتی خۆمانە کە داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیمان لێ دەکات، ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە کۆنفرانسەکەمان ڕێک خستووە.. دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێک، ماوەیەکی درێژیشە گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان لەم بارەیەوە دەکرێت، ئەمڕۆ ئەم ڕێککەوتن و لێکگەیشتنە لە کۆنفرانس ڕادەگەیەندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 10:00 بە بەشداریی نزیکەی 50 پارتی سیاسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی کورد، لە قامشلۆ دەستی پێ کرد.
لایەنەکانی بەشدار، پارتەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دوو پارتی دیکەن، هەروەها نزیکەی 300 کەسایەتی بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن، جگه له ناوچهكانی ڕۆژاوا و باكووری ڕۆژههڵاتی سووریا، كهسایهتییهكانی حهلهب و دیمهشق و ئهعزاز و حهما و ئهلباب، بهشداریی دهكهن.
ئامانج لەم کۆنفرانسە، ڕاگەیاندنی یەکهەڵوێستیی کورد و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردییە بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد.