گوتەبێژی ئەنەکەسە: سەرۆک بارزانی خاوەنی دەستپێشخەری یەکڕیزیی کوردە

فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە

فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  سەرۆک بارزانی دەمێکە خاوەنی دەستپێشخەری یەکهەڵوێستیی کوردییە، بەتایبەتیش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.

فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە گوتی: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هاوکاریی مەزوڵوم عەبدی، وایان کرد میللەتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەنە یەکتر و جیاوازییەکان وەلا بنێن و ببنە یەک، لە پەیامەکەشیدا، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردووەتە پشتگیریی یەکهەڵوێستی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، داوا دەکات ببینە هاوبەش و بەشداریی حکوومەتی سووریا و پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلی سووریا پتەو بکەین، گوتی: پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان،پەیامێکی مێژوویی بوو، لە ڕۆژێکی مێژوویی و قۆناغی نوێی سووریا.

دەڵێت: ئەگەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکڕێز و یەکهەڵوێست بن، بەهێز دەبن، دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن لە سووریای نوێدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنەکەسە  داوای لا مەرکەزی دەکات لە ڕووی سیاسی، دەڵێت: کۆنفرانس هەر بڕیارێک بدات لەبارەی لامەرکەزی ئیداریش، ئێمە جێبەجێی دەکەین لە بەرژەوەندیی میللەتی کورد لە

ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 10:00 بە بەشداریی نزیکەی 50 پارتی سیاسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی کورد، لە قامشلۆ دەستی پێکرد.

لایەنەکانی بەشدار، پارتەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دوو پارتی دیکەن، هەروەها نزیکەی 300 کەسایەتی بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن، جگه‌ له‌ ناوچه‌كانی ڕۆژاوا و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، كه‌سایه‌تییه‌كانی حه‌له‌ب و دیمه‌شق و ئه‌عزاز و حه‌ما و ئه‌لباب، به‌شداریی ده‌كه‌ن.