باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا: لویس ساکۆ چانسی هەیە ببێت بە پاپا
باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا، ئاماژە بەوە دەکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی کۆماری عێراق دەکات لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، دەشڵێت، لویس ساکۆ لەنێوان 135 کاردیناڵی جیهان، وەک سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، چانسی هەیە ببێتە پاپا.
سەیوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی کۆماری عێراق لەگەڵ 160 شا و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان، بەشداریی مەراسیمی بەخاک سپاردنی پاپا فرانسیس دەکات.
باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کرد، پاپا فرانسیس، یەکەم پاپا بووە لە مێژوودا سەردانی هەولێری کردووە و نوێژی لە یاریگای فرانسوا هەریری کردووە. یەکەم پاپا بووە بەو شێوە بەهێزە پشتیوانیی لە کوردستان و عێراق بکات. بۆیە، بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی، ڕێزگرتنە لە هەڵوێستی و پشتیوانییەکانی.
سەیوان بارزانی گوتی: ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان، کاردیناڵ لویس ساکۆی هەیە کە تەنها کاردیناڵە لەنێوان 135 کاردیناڵی جیهان دەتوانن ببن بە پاپا، دەتوانن دەنگیش بدەن بە پاپای داهاتوو، بۆیە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە زۆر گرنگە.
باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا دووپاتی کردەوە، لویس ساکۆ، کاندێکی بەهێزە لەنێوان 135 کاردیناڵ ببێتە پاپا، پێشتریش پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار لویس ساکۆی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێت بە کاردیناڵ، ئەو بڕیارەی پاپا ڕێزگرتن بوو لە هەرێمی کوردستان، چونکە لویس ساکۆ، خەڵکی ناوچەیەکی نزیکی زاخۆ و هەرێمی کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئیتالیا، ئەمڕۆ تەرمی پاپا فرانسیس 12 کیلۆمەتر بەنێو ڕۆمادا دەگێڕن، دواتر لە کڵێسای سانتا ماریا، لە ڕۆما بەخاکی دەسپێرن.
بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، هەرێمی کوردستان هاوخەمیی خۆی ڕاگەیاند، سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، پەیامی هاوخەمی خۆیان ئاراستەی ڤاتیکان کرد.
لە ئەمڕۆوە پرسەی پاپا فرانسیس دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی 9 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. پاپا فرانسیس وەک یەکەم پاپا لە مێژوودا، ساڵی 2021 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشوازییەکی فراوانی لێ کرا، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 21ـی نیسانی 2025، بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی سییەکانی، پاپای ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵی کۆچی دوایی کرد.