کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی هات
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی هات و کەمێکی دیکە ئەنجامەکەی ڕادەگەیەنرێت.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستی پێ کرد و نزیکەی کاتژمێر 02:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ کۆتایی هات.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دوو لایەنی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بوون. هەر یەکە لە ئەنەکەسە و پەیەدە 130 ئەندامیان لە کۆنفرانسەکەدا هەبوو و ئەوانی دیکەش میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان بوون.
کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک خاڵ کراوە، ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن:
1. سیستەمی حوکمڕانی له سووریا ناناوەندی بێت و هەر ناوچەیەک تایبەتمەندییەکانی پارێزراو بێت.
2. سامانی گشتی به یەکسانی لە نێوان هەموو هەرێمەکان دابەش بکرێت.
3. زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمیی سووریا بێت.
4. نوێنەرایەتیی کورد له هەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا هەبێت.
5. سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیاد بنرێتەوه.
6. دۆخی ئابووریی ناوچه کوردییەکان باشتر بکرێت.
7. بەعرەبکردنی ناوچەکه ڕابگیرێت.
8. بڕیارەکانی تەعریبی رژێمی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوه.
9. سووریا دەوڵەتێکی مەدەنی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەستوور جێگیر بکرێت.
10. یەکسانیی نێوان پیاوان و ئافرەتان هەبێت.