سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن و سەرۆک فراکسۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەوە

ئەحمەد سەفدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن و شاندی یاوەری سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان لەکۆبوونەوەدان.

هاوکات هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی, لە سەلاحەددین پێشوازیی لە ئەحمەد سەفدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن و شاندی یاوەری کرد و لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دواپێشهاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد سەفدی و شاندی یاوەری کرد و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێم دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.

لەدیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەردوولا کردەوە و سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی شانشینی ئوردن و شا عەبدوڵلای دووەم دووپات کردەوە."

چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و دارایی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ،هەروەها دۆخی گشتیی ناوچەکە و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.