ماکرۆن: ئۆکرانیا ئامادەیە بەبێ مەرج بە ئاگربەست ڕازی بێت

سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەوی بە جیا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە  پەراوێزی ڕێوڕه‌سمی ماڵئاوایی پاپا کۆ بووەوە، ڕایگەیاند، ئۆکرانیا ئامادەیە بەبێ مەرج بە ئاگربەست ڕازی بێت.

شەممە 26ـی نیسانی 2025، ئیماونێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: لەگەڵ ترەمپ باسمان لە جەنگیی ئۆکرانیا و ڕووسیا کرد، هەردووکمان هاوڕا بووین کە دەبێت ئەو جەنگە کۆتایی بێت.

هەروەها ئاماژەشی داوە، لە ڕۆما کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداریان لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێسنکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە، گوتیشی: سەرۆکی ئۆکرانیا پێی ڕاگەیاندووە، ئۆکرانیا ئامادەیە بەبێ مەرج بە ئاگربەست ڕازی بێت.

هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا هیواشی خواستووە ئەو ئاگربەستە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا جێبەجێ بکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئێستا گەیشتن بە ئاگربەستەکە بە دەست، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیایە.

دووپاتیشی کردووەته‌وه‌، پاریس لە هەوڵە خۆبەخشەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە و گەیشتن به‌ ئاگربەست بەردەوام دەبێت.

هەر ئەمڕۆ شه‌ممه‌، 26ـی نیسانی 2025، دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماده‌یی مۆسكۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ كیێڤ به‌بێ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ ده‌ربڕیبوو. 

پیسكۆڤ له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، پوتن ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جار نییه‌، ئاماده‌یی ڕووسیا بۆ چاره‌كردنی كێشه‌ی ئۆكرانیا نیشان بدات، به‌ڵكوو پێشتریش هه‌مان هه‌ڵوێستی دووپات كردووه‌ته‌وه‌.