توێژینهوهیهك: 'مێروولەی دۆزەخ' 113 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لە سەر زەوی ژیاوە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەندەرسۆن لێپێکۆ، زانای مێروولەناس لە مۆزەخانەی ئاژەڵناسی لە زانکۆی ساوپاولۆ و نووسەری سەرەکی توێژینەوەیەکە لە بارەی دۆزینەوەی جۆرێکی دەگمەنی مێرووله بە ناوی (Vulcanidris cratensis) كه بە مێروولهی دۆزهخ ناسراوه، بڵاو کردووەتەوە.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بە توێژینهوه كه كردووه كه له گۆڤاری Current Biology بڵاو کراوەتەوە و تێیدا هاتووه، زانایان پاشماوەی کۆنترین مێروولەیان لەسەر بەردی limestone لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل دۆزیوەتەوە کە مێروولهیەکی باڵدارە و چەناگەیەکی هاوشێوەی داسی هەیە و نزیکەی 113 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی دایناسۆرەکاندا ژیاوه.
هاوکات بەگوێرەی توێژینەوەکە، جۆری مێرووەکە ناوی (Vulcanidris cratensis)ـە و سەر بە گرووپێكه کە بەهۆی چەناگە شەیتانییەکانیانەوە بە "مێروولەی دۆزەخ" ناسراون، ئەم مێروولانە لە سەردەمی تهباشیری (Cretaceous) لە ناوچەیەکی فراواندا ژیاوە، ئێستا هیچ جۆرێكی ئەو مێروولهیه زیندوو نییە.
هاوكات ئاماژە بهوهش كراوه، مێرووی ڤۆلکانیدریس درێژییەکەی نزیکەی نیو ئینج (1.35 سم) بووە، بەهۆی چەناگە تایبەتەکەیەوە دەیتوانی نێچیرەکەی بگرێت و بکوژێت، هاوکات بەهۆی قەبارەی باڵەکانی پێ دەچێت زۆر بە باشی فڕی بووبێت و وەکوو زەردەواڵە توانای پێوەدانی هەبووە.
باس لەوەش کراوە، پێشتر مێروولەیەکی تری دۆزەخی بە ناوی هایدۆمیرمێکس کە بەناوی هێدیس خواوەندی کۆنی ژێرزەوی جیهانیی یۆنانی ناو نرابوو، دۆزرابووەوه.