لە شرنەخ بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی، قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا

پارێزگاری شرنەخ باکووری کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ماوەی 15 ڕۆژ لە نێو شار و ناوچە شاخاوییەکاندا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و کێوماڵکردنی ناوچەکان، هاتوچۆ قەدەغەیە و هاووڵاتیان بۆ چوونە بەشێک لە ناوچەکان، دەبێت مۆڵەتی فەرمی وەرگرن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بە گوێرەی بڕیارەکەی پارێزگاری شرنەخ، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی نیسان تاوەکوو 11ی ئایاری 2025 ، چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە، بە ناوچەی تایبەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی دیاری کراون، ئەو ناوچانە دەکەونە ناوەندی پارێزگای شرنەخ، شارۆچکەکانی سلۆپی و چەند شارۆچکە و گوندێک لەگەڵ ناوچە شاخاوییەکانی گابار.

پارێزگاری شرنەخ بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی بڕیارەکە و ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بدات، ڕایگەیاندووە لەو 15 ڕۆژەی قەدە‌غەدا، خەڵک و دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت پابەندی بڕیارە یاساییەکان بن و نەچنە ئەو ناوچانە، کە بە شوێنی تایبەت بە ئۆپەراسیۆن و کێوماڵکی ئەمنی دەستنیشان کراون.

هۆشداریشی بە خەڵکی ناوچەکان داوە، هیچ کەسێک بۆی نییە لە 27ی نیسانی تا 11ی ئایاری 2025 بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی بچێتە ناوچە قەدەغەکراوەکان و هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی، بچێتە ئەو ناوچانە، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment