نرخی نەوت دابەزی

نەوت رووی لە دابەزین كردەوە

K24 - ھەولێر

دوای دوو هەفتە لە بەرزبوونەوە، نرخی نەوت ئەمڕۆ جارێكی دیكە دابەزی، بە جۆرێک وەبەر‌هێنەران بە ترەسەوە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن رێکخراوی ئۆپێکەوە دەڕوانن و پێیان وایە هێشتا ئابووری وڵات گەشانەوەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، لە کاتێکدا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشانە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساس بۆ مانگی ئەیلول بە رێژەی 0.7% بۆ 40.71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە رێژەی 0.8% بۆ 43.82 دۆلار دابەزی.

رێکخراوی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی سعوودییە لە مانگی رابردووەوە، دەستیکردووە بە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەوەش مەترسییەکانی زیادکردووە بە خستنەڕووی زیادەی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

بەوەش بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوی ئۆپێک بە بڕی 900 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ 23.43 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزبووەتەوە.