یەکێتی زانایان: هەرشتێک گونجاو بێت ئاساییە بکرێتە مارەیی، مەرج نییە تەنیا زێڕ بێت

دوای ئەوەی نرخی زێڕ زۆر بەرزبووەتەوە، یەکێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکدا داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بۆ مارەیی ئافرەتان کارئاسانی بکەن و بارودۆخی قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسلام، بۆ مارەیی هیچ ئەندازە و شتێکی دیاری نەکردووە، بەڵکو هەر شتێکی شایستە و گونجاو بێت ئاساییە بکرێتە مارەیی مەرج نیە تەنیا زێڕ بێت.
دەقی پەیامەکەی یەکێتیی زانایان
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لەبەر ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری پرۆسەیەکی گرنگە و ئیسلام بایەخێکی زۆری پێ دەدات، بەتایبەت لە پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای ڕێزو خۆشەویستی و تەبایی، ڕاستە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام مارەیی وەک حەقێکی شەرعی ئافرەت دیاری کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) ئاماژەی بەوە داوە، کە بە خێرترین پرۆسەی مارەبڕین ئەوەیە مارەییەکەی کەم بێت.
لەو سۆنگەوە کە ئێستا زێڕ زۆر گران بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ نرخەکەی بەرز دەبێتەوە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کار ئاسانی و بارسووکی لە مارەیی بکەن، ئیسلام بۆ مارەیی هیچ ئەندازە و شتێکی دیاری نەکردووە، بەڵکو هەر شتێکی شایستە و گونجاو بێت ئاساییە بکرێتە مارەیی مەرج نییە تەنها زێڕ بێت. گیانی هاوکاری و یارمەتیدان و ڕەچاوکردنی خزمایەتی و کارئاسانی بۆ گەنجان بەشێکی دیندارییە و ئەم پرۆسەیەش چەندە بە ئاسانکارییەوە ئەنجام بدرێت بەختەوەریی زیاتری خێزانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی پتری بە دواوەیە.