ئەنجوومەنی وەزیران: نابێت هیچ دامەزراوەیەکی حکوومەت بەشێوەی ڕاستەوخۆ داوای ڤیزا لە کونسوڵخانەکان بکات
سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نابێت هیچ دامەزراوەیەكی حكوومی بە شێوەی ڕاستەوخۆ نووسراو ئاراستەی كونسوڵخانەکان بکات بۆ پێدانی ڤیزا بەفەرمانبەران.
یەكشەممە، 27ـی نیسانی 2025، سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 15ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە 7/8/2019، نابێت هیچ دامەزراوەیەكی حكوومی بە شێوەی ڕاستەوخۆ نووسراو ئاراستەی (نوێنەرایەتییەكان و كونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان) بكات بۆ پێدانی ڤیزا بە فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەش کراوە، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، تاكە لایەنی تایبەتمەندە بەم بابەتە، پێویستە گشت داواكارییەكان بۆ كاری پێویست ئاراستەی فەرمانگەی ناوبراو بكرێن.