ڕووسیا فڕۆکەی تایبەتیی ئاگرکوژێنەوە دەنێرێتە ئێران
سەرۆکی ڕووسیا بەهۆی تەقینەوەی بەندەری ڕەجایی سەرەخۆشیی لە قوربانیانی ڕووداوەکە دەکات و فەرمانیشی کردووە وەکوو هاوکاری فڕۆکەی تایبەت بۆ ئێران بنێرێت.
یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، وەزارەتی بەرگری شارستانی و فریاگوزاری لەناکاو و کارەساتەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا (MChS) ڕایگەیاند، لە سەر ڕاسپاردەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی، بەهۆی تەشەنەکردنی ئاگرەکەی بەندەری ڕەجایی، وەکوو هاوکارییەک، ژمارەیەک فڕۆکەی تایبەت بە ئاگرکوژێنەوە و گواستنەوەی سەربازی دەنێرێتە ئێران.
هاوکات دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، کرێملن، ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرەخۆشیی و هاوخەمیی خۆی لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکانیش دەخوازێت.
ڕۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانی بڵاویان کردبووە، تەقینەوەیەکی بەهێز کە گوندەکانی دەورووبەریشی لەگەڵ هەژاندووە، لە بەندەری شەهید ڕەجایی بەندەر عەباس، لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووی داوە و زیانێکی زۆر بە بەندەرەکە گەیاندووە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، محەممەد ئاشووری، پارێزگاری هورمزگان لەگەڵ ڕاگەیاندبوو دوا ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی، کە ژمارەیان بۆ 25 کوژراو و زیاتر لە 800 بریندار بەرز بووەتەوە، ڕاشیگەیاندبوو، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری دەبێت.