سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: 23 هەزار پارچە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادەن
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی فەرمانبەران سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت: ئامادەکاری بۆ دابەشکردنیان دەکرێت.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەک پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت، ڕێککارەکانی دابەشکردنیان لە قۆناغی کۆتایی دایە، تەنیا چەند مامەڵەیەکی یاسایی و هونەری ماوە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: 23 هەزار پارچە زەوی ئامادە کراوە و ناوی 45 هەزار فەرمانبەری دیکەمان بەدەست گەیشتووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا تیروپشکیان بۆ دەکرێت و سوودمەندەبن لە وەرگرتنی زەوی و تاوەکوو ئێستاش سێ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش کراون.
تاوەکوو ئێستا ناوی 315 هەزار فەرمانبەر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و گەڕاونەتەوە، بەڵام ناوی 100هەزار فەرمانبەری دیکە ماوە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.