بۆ بەشداریی لە پێشانگای (ئێران ئێکسپۆ 2025 ) پارێزگاری هەولێر گەیشتە تاران

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ بەشداریی لە پێشانگای ئێکسپۆ 2025 و گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، گەیشتە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە.

ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەیی ئیمام خومەینی لە تاران و لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی ئێران و جێگری پارێزگاری تاران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، بڕیارە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری کە پێکهاتوون لە شاکر حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و مەسعود باتێلی، بەرپرسی کۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ ئێران، جگە لە بەشداریکردنیان لە پیشانگای نێودەوڵەتی (ئێران- ئێکسپۆ 2025) بە جیا لەگەڵ هەریەک لە پارێزگارانی( تاران، قەزوین، زنجان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا - ئورمیە ) کۆ ببنەوە.