تاران.. خۆڵباران دوو کەسی خنکاند و 41 کەسی دیکەش تەندروستییان تێکچووە

بە گوێرەی هەواڵێکی پێگەی هەواڵی تەسنیم، شەوی ڕابردوو ڕەشەبا و خۆڵبارینێکی چڕ تارانی گرتەوە و لە ئەنجامدا دوو کەس مردوون و 41 کەسی دیکەش باری تەندروستییان تێکچووە و گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکان.
شەوی ڕابردوو، ڕەشەبای بەهێز و خۆڵبارانی چڕ، پایتەختی ئێرانی گرتەوە، ئاستی پیسیی هەوای تاران گەیشتە ڕادەیەک، ئەو کەسانەی نەخۆشیی سنگ و تەنگەنەفەسییان هەیە، شەوێکی سەختیان بەسەر برد.
ئاژانسی فریاکەوتنی پایتەخت داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بەتایبەتی بەساڵاچووان و منداڵان و ئەوانەی کێشەی تەنگەنەفەسییان هەیە، تەنیا بۆ کاری پێویست لە ماڵەکانیان دەربچن. تاران، لەبەر زۆریی دانیشتوان و ئۆتۆمبیل و کارگە، هەوایەکی پیسی هەیە و زۆربەی ڕۆژانی ساڵ، ئاسمانی شارەکە تاریکە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هەوای تاران تەنها 6 ڕۆژ پاک بووە و 2 ڕۆژیش ڕادەی پیسیی هەوا گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک.
بە گوێرەی دوا هەواڵی گەیشتوو، خۆڵبارین و ڕەشەبای شەوی ڕابردوو هێشتا بەردەوامە و پێشبینی ئەوەش دەکرێت ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت.