مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکەن

کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوە دەچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ دووشەممە، 28-04-2025، هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لە سلێمانی کۆ دەبنەوە. 

کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا کە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە هاوینەهاواری دوکان بەڕێوە دەچێت، دوا هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان، تاوتوێ دەکرێن. 

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بڕیارە دوای تەواوبوونی ئەم کۆبوونەوەیە، جارێکی دیکە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتیی بۆ پەسەندکردنی دوا لێکگەیشتنی نێوان هەردوو حزب بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆ دەبنەوە، دواتر بڕیار لەسەر دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت. 

تاوەکوو ئێستا مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دوو جار لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە، دوایین دیداریان ڕۆژی یەکشەممە، 16-03-205، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو. 

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێیی هەڵسەنگاند و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا.

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.

لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment