تا دێت مەترسی لەسەر ژیانی ئۆندەر زیاتر دەبێت
هەرچەندە هەوڵی پزیشکەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی بەردەوامن، بەڵام تا دێت مەترسی لەسەر ژیانی ئۆندەر زیاتر دەبێت.
سڕری سوورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، ماوەی 13 ڕۆژە لە نەخۆشخانەیە و جەڵتەی دڵ لێی داوە.
دووشەممە، 28-04-2025، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیل، کە ئۆندەر تێیدا چارە دەکرێت، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، تا دێت دۆخی تەندروستیی ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی خراپتر دەبێت، گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسی مردنی زیاتر دەبێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سیستەمی سووڕی خوێنی سیری ئۆندەر بە ئامێرەکانی دڵ و هەناسەدان کار دەکات، بەڵام بەهۆی تێکچوونی مێشکی، سیستەمی وەڵامدانەوەی هەستە سۆزدارییەکانی تادێت لاواز دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە دووپاتی کردووەتەوە، سەرەڕای تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ئۆندەر، لە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ناوبراو، بەردەوام دەبن.
زۆرینەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی توركیا، بۆ پشتگیری لە ئۆندەر سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و كۆك بوون لەسەر ئەوەی، هەموو خەباتی سیاسی ئۆندەر بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بووە لە توركیا و تەندروستیی ئەو لەم كاتەدا گرنگە.
هەمان ئەو ڕۆژەی سڕری سوورەیا ئۆندەر تووشی جەڵتەی دڵ بوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا تەلەفۆنی بۆ پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ ئۆندەر دووپات کردەوە.
ئەو نەخۆشخانەی ئەندامەکەی شاندی ئیمرالی تێدا چارە دەکرێت، یەکێک لە باشترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەکانی تورکیا.
سڕری سورەییا ئۆندەر، لە ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لە دایک بووە؛ لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندوویەتی و تاوەکو قۆناغی دوو بەردەوام بووە.
ئۆندەر، لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتیشە.
ڕۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریی 2013 - 2015 هەبوو و ئێستاش ڕۆڵی لەو پرۆسە چارەسەرییە هەیە کە لەو وڵاتە دەستی پێ کردووە. بێجگە لە کاری سیاسی، ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی، کاری ڕۆژنامەنووسی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووس و ئەکتەریشی کردووە.