مەسرور بارزانی گەیشتە دوکان

کاتژمێر 01:00ـی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 28-04-2025، مەسرور بارزانی گەیشتە هاوینەهەواری دوکان، لە سلێمانی. 

مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24، دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت.  

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بڕیارە دوای تەواوبوونی ئەم کۆبوونەوەیە، جارێکی دیکە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتیی بۆ پەسەندکردنی دوا لێکگەیشتنی نێوان هەردوو حزب بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆ دەبنەوە، دواتر بڕیار لەسەر دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت. 

 

 

شاندی باڵای پارتی پێکهاتووە لە: 

1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی. 

4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.

 

شاندی باڵای یەکێتی پێکهاتووە لە:

1.  قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.

2.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.

3.  دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. 

4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

 

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.

لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.