پەکەکە: تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەناوە

ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە
ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات و جەخت دەکاتەوە: حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەناوە.

دووشەممە، 28-04-2025، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بۆنەی 1ـی ئایار، ڕۆژی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و لە بەشێکیدا باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کردووە. 

پەکەکە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دووپاتی کردووەتەوە، بە هەموو توانایانەوە پشتیوانییان لە بانگەوازەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان کردووە و "لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا هەوڵمان داوە بە دروستی لەم بانگەوازە تێ بگەین و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین."

باسی لەوەش کردووە "سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکوومەتی ئاکەپە (تورکیا) ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە، چونکە ئێمە بڕیارێکی جددییمان لە چارەکردنی کێشەکان ڕاگەیاندووە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەین و هەوڵ دەدەین نەبینە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە."

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای لێدوانە گەشبینییەکانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی "بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکوومەتی (تورکیا)ـەوە نەنراوە، هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت."

پەکەکە بۆ بەستنی کۆنگرە داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات تاوەکوو "بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت."

ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، شاندی دەم پارتی کە پێک هاتبوون لە گولستان کلیچ کۆچیغیت، سێزای تەمەلی جێگرانیی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی و ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتەکە لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد، کۆ بوونەوە. 

کۆبوونەوەکە، لە کاتێکدا بوو، ڕۆژی دووشەممە، 21-04-2025، بۆ جاری چوارەم شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەکەکە کۆ بوونەوە.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هەوڵەکانی ئۆجەلان بۆ ڕاگەیاندنی پرۆسەی نوێی ئاشتی بەردەوامن."