ئیسپانیا: شه‌ش بۆ 10 كاتژمێرمان بۆ چاككردنه‌وه‌ی كاره‌با پێویسته‌

بەڕێوه‌بەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Red Eléctrica ڕایگەیاند، 6 بۆ 10 کاتژمێریان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن کارەبای ئیسپانیا و پورتوگال چاک بکەنەوە؛ هاوکات کۆمپانیاییەکە ئاماژەی داوە، ئەگەری هەیە هێرشێکی سایبەری كرابێته‌ سەر تۆڕەکانی کارەبا.

دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، ئێدواردۆ پریتۆ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Red Eléctrica  بە ڕادیۆی کادینا سێری ئیسپانی ڕاگەیاند، توانیویانە بەشێک لە کارەبای ئیسپانیا و پورتوگال چاک بکەنەوە، بەڵام  6 بۆ 10 کاتژمێریان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن بە تەواوی چارەی پچرانی کارەبای ئەو دوو وڵاتە بکەن.

گوتیشی: هێشتا ناتوانین باس لە هۆکاری بچرانی کارەبایەکە بکەین، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین هۆكاره‌كه‌ی بدۆزینەوە.

نووسینگەی کۆمپانیای  Red Eléctrica لە بارەی هۆکاری پچرانی کارەبای ئیسپانیا و پورتوگاڵ ڕایگەیاندووە، ئەگەر هەیە هێرشی سایبەری کرا بێتە سەر تۆڕەکانی کارەبای ئەو دوو وڵاتە.

لای خۆشیەوە پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی لەم بارەوه‌ كردووه‌، بۆی ئەوەی بتوانن لە زووترین کاتدا چارەی ئەو کێشەیە بکەن.

هاوکات ڕاشیگەیاندووە، حکوومەت کار بۆ دیاریکردنی هۆکار و کاریگەری ڕووداوەکە دەکات، هاوکات هەموو ئەو توانایەی لەبەردەستدایە بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە دەخاتە ڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هاتووچۆی ئاسمانی ئەورووپی (یۆرۆکۆنتڕۆڵ)، پچڕانی کارەبا لە ئیسپانیا و پورتوگال بووه‌تە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی ئاسمانی ئەو دوو وڵاتە، کە کاریگەری نه‌رێنی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان بۆ مەدرید و بەرشەلۆنە و لیسبۆنه‌ دروست کردووە.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی نیسان 2025، لە ناکاو کارەبای بەشێکی زۆری پورتوگال، ئسپانیا و بەشێک لە فەرەنسا بچڕا.

دەستەی گشتیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسپانیا (RTRYE) ڕایگەیاندبوو، کارەبای بەشێکی زۆری شار و ناوچەکانی پورتوگال و ئیسپانیا، بەهۆیەکی نادیار بچڕا و بەمەش زۆربەی دامەزراوە گشتییەکانی ئەو دوو وڵاتە، وەک تۆڕی هاتوچۆی میترۆ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وێستگەکانی سووتەمەنی و دەزگاکانی ئەی تی ئێم و زۆر شوێنی دیکە پەکیان کەوتووە. جگە لەوەش تۆڕەکانی تەلەفۆن لەکار کەوتوون.