لە ئامێدی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بە خاڵێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە
درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بە خاڵێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا لە ئامێدی تەقییەوە، بەر لە تەقینەوەی درۆنەکەش، هێزەکانی پێشمەرگە تەقەیان لە درۆنەکە کردووە و هەوڵیان داوە بیخەنە خوارەوە، بەهۆی تەقینەوەی درۆنەکەش، دوو پێشمەرگە برینداربوون.
بێوار حیلمی، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، لەسەری گردی داڤا، بەرامبەر گوندی بەلاڤا، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بە خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیدا تەقییەوە کە دوێنێ خاڵەکەیان لەو شوێنە داناوە، دەشڵێت: پێشمەرگە هەوڵیانداوە درۆنەکە لە خۆیان دوور بخەنەوە و تەقەیان لێکردووە، بەڵام درۆنەکە بە خاڵەکەی پێشمەرگە تەقیوەتەوە، لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەش دوو پێشمەرگە برینداربوون، دەستبەجێ هەردوو پێشمەرگە بریندارەکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئامێدی.
مەسعود تاهیر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: برینی هەردوو پێشمەرگەکە سووکن، یەکیان پارچەیەک لە درۆنە تەقیوەکەی بەر نێکی کەوتووە، ئەوەی دیکەشیان پارچەیەکی بەر پێی کەوتووە، بەپێی زانیارییەکان، تەمەنی پێشمەرگەکەکان 32 ساڵی 35 ساڵین، دوای وەرگرتنی چارەسەرییەکان لە نەخۆشخانە دەچنە دەرەوە، پێشمەرگەیەکیان خەڵکی سەنتەری پارێزگای دهۆک، ئەوەی دیکەش خەڵکی ئامێدییە، تا ئێستاش نەزاندراوە، ئەو درۆنە لەلایەن هێزەکانی تورکیا، یاخوود پەکەکە بۆ خاڵەکەی هێزی پێشمەرگە نێردراوە، بەڵام شەڕ لەنێوان پەکەکە و تورکیا لەو ناوچەیە هەیە و زیانی زۆریان بە خەڵکی ناوچەکە و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار گەیاندووە.