ئۆکرانیا بۆ ڕووسیا: ئاگربەستێكی ڕاستهقینهمان دهوێت نهك تهنیا بۆ نمایش
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست سێ ڕۆژە لەلایەن مۆسکۆوە، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئاگربەستێكی ڕاستیی دەوێت ناوەک بۆ نمایش.
دووشەممە 28ـی نیسانی 2025 ئەندری سیبیه، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە بارەی ئاگربەستە 72 کاتژمێرەکەی ڕووسیا نووسیویەتی: ئەگەر ڕووسیا بەڕاستی ئاشتی دەوێت، دەبێت دەستبەجێ جەنگ بوەستێنێت، بۆچی چاوەڕێی 8ـی ئایار دەکات.
هەروەها گوتیشی: ئاگربەستەکە دەبێت ڕاستةقينه بێت، نەوەک تەنیا بۆ نمایش بێت.
دووپاتیشی کردهوه ئۆکرانیا دەیەوێت جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنرێت نەوەک بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێت. گوتیشی: ئەگەر جەنگەکە کۆتایی نەیهت، لانی کەم 30 ڕۆژ بووەستێنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە نەکردووە، ئایە ئاگربەستەکە قبووڵ دەکەن یان نا.
هاوکات ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەوە هاوڵێکی نوێی پوتنە بۆ قۆرخکاری، بۆ هەندێک مەبەستی خۆی هەمووان دەبێت تاوەکوو 8ـی ئایار بوەستن
لەم بارەوە براین هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە بڕیارەکەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەکات، بەڵام ترەمپ ئاگربەستێكی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا و ڕووسیا دەوێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025 کۆشکی کرێملن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی ڕووسیا بڕیاری دا بە بۆنەی ئاهەنگی ڕۆژی سەرکەوتن لە جەنگی دووەمی جیهانی، بۆ 72 کاتژمێر لە ڕۆژی 8 تا 11ـی ئایاری داهاتوو، هەموو چالاکییە سەربازییەکان بەرانبەر ئۆکرانیا ڕابگرێت.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، ڕووسیا پێی وایە کە ئۆکرانیا دەبێ پابەندی ئاگربەسەتەکە بێت، ئەگەر بێت و ئاگربەستەکە پێشێل بکات، وەڵامی گونجاویان دەدەنەوە.