سبەی سەرۆک کۆماری عیراق ئیمزا لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات
بریارە سبەی سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا، عەبدولـلەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکات.
بەپێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، دوای ئەوەی دوێنێ 27ـی نیسانی 2025، شاخەوان عەبدولڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ناردە سەرۆکایەتی کۆمار، بریارە سبەی سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکات، دوای ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆک کۆماری عیراقەوە، پرۆژەکە دەنێردرێتە وەزارەتی داد، پاشان لەرۆژنامەی فەرمی عیراق بڵاودەکرێتەوە.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 14ـی نیسانی 2025، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد.
پێشتر، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت بە کوردستا24ـی گوتبوو، دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری بە پاڕێزگاربوون لە ڕۆژنامەی وەقائیع، هاوشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێکارە ئیدارییەکان دەگرینە بەر، بۆ ئەوەی هەموو مافەکانمان و شایستە داریییهكانی تایبەت به قەرەبووکردنەوە و بەرزکردنەوەی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە بەدەست بهێنین.