دەم پارتی: ئەحمەد تورک نەخۆشە و چارەسەر وەردەگرێت

ئەحمەد تورک
ئەحمەد تورک

دەم پارتی ڕایگەیاند: ئەحمەد تورک ماوەیەکە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و چارەسەر وەردەگرێت.

دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، دەم پارتی لەبارەی تەندروستی ئەحمەد تورک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت: ئەحمەد تورک نەخۆشە و چارەسەریی نەخۆشی شێرپەنجە وەردەگرێت، دەشڵێت: هیواخوازین بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی، ئەحمەد تورک زوو بگەڕێتەوە.

 پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامی ئۆجەلانیان لە بارەی ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی داخرابوو، بەڵام ئێستا پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

پەیام خوێندنەوەکەی، دوا دەرکەوتنی ئەحمەد تورک  بووە بەر لەوەی نەخۆشییەکەی کاریگەریی لەسەر چالاکییەکانی دروست بکات.