ئیسرائیل هەوڵێکی بەقاچاخبردنی چەک لە میسرەوە بۆ وڵاتەکەی پوچەڵ کردەوە
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، ڕایگەیاند، هەوڵێکی بە قاچاخبردنی چەکی لە میسرەوە بۆ ناو ئیسرائیل بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان, پووچەڵ کردووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل، لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' بڵاوی کردەوە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان بینیووە کە هەوڵی بەقاچاخبردنی چەک لە میسرەوە دەدات بۆ ناو ئیسرائیل لە ناوچەی لیوا باران."
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەلایەن هێزەکانی سوپای ئیسرائیلەوە خراوەتە خوارەوە."
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەو سەربازانەی سوپای ئیسرائیل کە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە توانیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بدۆزنەوە کە 10 تفەنگی جۆری ئێم 16 و تەقەمەنی هەڵگرتبوو.
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، "ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کران بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان."
میسر هاوشانی قەتەر و ئەمەریکا سەرکردایەتیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی وێرانکارییەکانی غەززە کە ماوەی 18 مانگە بەردەوامە.
کەناڵی قاهیرە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، بڵاوی کردەوە، حەسەن ڕەشاد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی گشتیی میسر لە قاهیرە لەگەڵ تیمی دانوستانکاری ئیسرائیل کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی زیندووکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە دەکەن.