سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات
ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات. دواتر دەچێتە وەزارەتی داد و پاشان لە ڕۆژنامەی وەقائیعیش بڵاو دەکرێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 27-04-2025، شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ناردە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق تا پەسەند بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەر یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات.
دوای ئیمزاکردنی، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەنێردرێتە وەزارەتی داد و دواتریش لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق (وەقائیع) بڵاو دەکرێتەوە.
پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕۆژی 14-04-2025، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا.
پێشتر، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، بە کوردستا24ـی ڕاگەیاندبوو، دوای بڵاوبوونەوەی یاسای بە پاڕێزگاربوونی هەڵەبجە لە ڕۆژنامەی وەقائیع، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێکارە ئیدارییەکان دەگرنە بەر، بۆ ئەوەی هەموو ماف و شایستە داریییهكانی تایبەت به قەرەبووکردنەوە و بەرزکردنەوەی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە بەدەست بهێنن.