سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ئیمزا کرد
سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ئیمزا کرد و چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاو بکرێتەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد. دواتر ئەو قەڵەمەی بڕیارەکەی پێ ئیمزا کرد، بە نوخشە ناسح، پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجەی دا.
نوخشە ناسیح بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فەرمانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و ئەو قەڵەمەی بڕیارەکەی پێ ئیمزا کراوە، لەگەڵ خۆیان دەبنەوە هەڵەبجە و لە نێو مۆنۆمێنتی شەهیدانی پارێزگاکە هەڵی دەگرن، وەکوو یادوەرییەکی جوان و سەروەرییەک.
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش دا "دوای 37 ساڵ، بۆ جاری یەکەمە لە دڵەوە دڵخۆش بووین و پێکەنین."
هاوکات ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کە ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە "ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، 05-05-2025، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق (وەقائیع) بڵاو دەکرێتەوە و لەو ڕۆژەوە، هەڵەبجە بە فەرمی دەبێتە 19ـەمین پارێزگای عێراق."
پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕۆژی 14-04-2025، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا.
بەم پێیەش سەرۆک بارزانی بەڵێنەکەی بۆ خەڵکی هەڵەبجە بەجێگەیاند، چونکە لە ساڵی 2009 لە گوتارێکدا بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس، ڕایگەیاند "هەموو توانایەکی خۆمان دەدەین هەڵەبجە بکەینە پارێزگا."