حکوومەت ڕۆژێک پشووی فەرمیی ڕاگەیاند
پێنجشەممە، 1ی ئایار، لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "ڕۆژی پێنجشەممە، 1ی ئایاری 2025، بە بۆنەی یەکی ئایار (جەژنی کرێکاران)، لە کەرتی گشتی (دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان) و کەرتی تایبەت، پشووی فەرمی دەبێت."
زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەموو ساڵێک یەکی ئایار بە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دادەنێن و لە 130 وڵاتی جیهان پشووی فەرمییە.
ئەو ڕۆژە پەیوەست و تایبەتە بە خەباتی کرێکاران و پیشەگەران و ئیشکەران، هەروەها لەم ڕۆژەدا چەندان چالاکی بەڕێوە دەچێت بۆ بەرز نرخاندنی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو چینە لەگەڵ جەختکردنەوە و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، وەک دیاریکردن و کەمکردنەوەی کاتی کارکردن، پێدانی بڕی کرێی کارکردنی گونجاو و شایستە، گرنگیدان بە سەلامەتی کرێکاران لەکاتی کارکردن لەڕێگەی دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی پێویست.