ئاژانسێک: بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە ژیانی دوو ملیۆن غەززەیی لە مەترسیدایە
لە غەززە بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ژێر هەڕەشەدایە، هاوکات بەهۆی ڕێگریکردن لە بارهەڵگری هاوکارییەکان لە چونە نێو غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، کۆگا خۆراکییەکانی ئەو کەرتە خەریکە خواردنیان تێیدا نامێنێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوو هاوکارییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ نەکەنەوە، ئەوە دەیان لەو شوێنانەی خواردن دابەش دەکەن بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە دادەخرێن، بەمەش ژیانی نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ژەمە خۆراکێک نزیکەی پێنج کاتژمێر لە نۆرە دەوەستن.
هاووڵاتییەکی غەززە بە ناوی 'تەلالقە' کە ماڵەکەی لە شارۆچکەی موغرەقەی غەززەیە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ماڵەکەی وێران بووە، لە بارەی قەیرانی خۆراکەوە گوتی: لە ئەم بەیانییەوە هیچم نەخواردووە. ئێمە بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنین، برسێتییەکی ڕاستەقینە.
سەڵاح ئەبو حەسیرە، بەرپرسی بنکەیەکی دابەشکردنی خۆراکە لە ڕۆژهەڵاتی سەلام لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە ترس هەیە لەو چەند ڕۆژە، کۆتا ژەمی خۆراک بۆ نزیکەی 20 هەزار کەس دابین بکەن. ئاماژەی بەوەش دا، لە دۆخێکی سەختدا دەژین، ئەگەری هەیە کەمتر لە هەفتەیەک بنکەکامان دابخەین.
جولیەت توما، گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی فەڵەستینی UNRWAـی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: هاووڵاتییانی غەززە تاکە سەرچاوەی خۆراکیان ئەو بنکانەیە کە ژەمە خۆراکەکان دابین دەکەن، بەشێکی زۆر لەو بنکانەش خەریکن بەهۆی کەمی خۆراکەوە دادەخرێن.
ئەمجەد شاوا، بەڕێوەبەری تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین لە غەززە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: نزیکەی 70 بۆ 80 بنکەی دابەشکردنی خۆراک لە غەززە هەیە، بەڵام لە چوار بۆ پێنج ڕۆژی داهاتوودا، بەشێکی زۆر لەو بنکانە بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە ناچاردەبن بنکەکانیان دابخەن.
لە 2ـی ئاداری 2025ـەوە ئیسرائیل دەروازەکانی لەسەر غەززە داخستووە، ڕێگەی نەداوە هیچ خواردنێک بچێتە ئەو کەرتەوە، هاوکات ئەو خۆراکەی کۆگا کرابوو نزیکە لە تەواوبوون.