کونسوڵی گشتیی ڕووسیا جەخت لە زوو هەناردە کردنەوەی نەوتی کوردستان دەکاتەوە

چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیای لە هەرێمی کوردستان لە سیمنارێک ڕایگەیاند "کوردستان فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیرییە لە ناوچەکە نەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا و ئێران ڕۆڵی گرنگی هەیە لە هێورکردنەوەی کێشەکانی ناوچەکە."
گوتیشی: ڕووسیا و هەرێمی کوردستان پەیوەندیی ئابووریی و پیشەسازی گرنگیان پێکەوە هەیە .
دەشڵێت: لە قۆناغی ئێستا، هەناردەی نەوت ڕاگیراوە کە کۆمپانیا ڕووسیەکان کاریان تێداکردووە، بەڵام هیوادارین هەناردەی نەوت زوو دەستپێبکاتەوە.
کونسوڵی گشتیی ڕووسیا دەشڵێت: بەشێک لە کۆمپانیاکانی ڕووسیا دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکە، بۆ ئەمەش ئاسانکاری کراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ڕووسیا ساڵانە لە بواری پەروەردە 70 کورسی خوێندن بۆ قوتابیانی کورد دەڕەخسێنێت لە بواری پەروەردە.
ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ڕاشیگەیاند "پەیوەندیی زانکۆکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدان و کاربۆ ئەوە دەکەین لە یەکێک لە زانکۆکانی هەرێم بەشی زمانی ڕووسی بکەینەوە لە ماوەیەکی نزیکدا."