ئیسرائیل: بە هێرشکردنە سەر گرووپێکی توندڕەو پەیامێکمان بە سووریادا
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بە هێرشکردنە سەر گرووپێک لە دیمەشق، کە بە نیازبوو پەلاماری درووزەکان بدەن، پەیامێکی ڕوون بە ڕژێمی سووریا درا.
چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی لە شارۆچکەی سەحنای نزیک دیمەشق، هێرشیکی ئاسمانی کردە سەر گڕووپێکی توندڕەو، کە ئامادەکارییان کردبوو بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر پێکهاتەی درووزەکان.
هەروەها ڕاگەیەنداوەکە باسی لەوەش کردووە، پەیامێکی ڕوونیان بۆ ڕژێمی سووریا نارد، کە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە درووزەکانی سووریا دەکات.
ڕۆژی سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، شەوی دووشەممە لە شاری جەرمانەی نزیک دیمەشقی پایتەخت، شەڕ و پێکدادان سەری هەڵداوە، بەهۆیەوە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سووریا لەگەڵ چەکدارانی درووز، لانیکەم 14 کەس کوژراون، کە حەوتیان درووز بوون.