وشکەساڵی هەڕەشە لە جووتیارانی عێراق دەکات

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، وشکەساڵی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات، ئەمەش بووەتە گرفت بۆ ئەو گامێشەوان و جووتیارانەی پشت بەو ڕووبارە دەبەستن و بەشێکیان ناچاربوونە ناوچەکەیان بەجێ بهێڵێن. 

چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، عێراق بە پیتترین خاکی کشتوکاڵیی هەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و کەمیی باران، مەترسیی لەسەر بژێوی جووتیاران دروست بووە و ناچار دەبن ناوچە و گوندەکانیان بەجێ بهێڵن

بەگوێرەی شارەزایانی کەشناسی، هۆکارە سەرەکییەکانی وشکەساڵی لە عێراق بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، دروستکردنی بەنداو لە تورکیا و ئێران، بەسەرچوونی سیستەمی ئاودێری لە ناوخۆدا و نەبوونی پلانی درێژخایەنی بەڕێوەبردنی ئاوە.

سەباح ئیسماعیل، گامێشەوانێکی تەمەن 38 ساڵە لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: بەهۆی کەمیی ئاو و ئەو وشکەساڵەییەی لە ناوچەکە هەیە خەڵکێکی زۆر شوێنەکەیان بەجێ هێشتوە، تەنیا چەند کەسێکمان ماونەتەوە.

 ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، ژمارەی گامێشەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا بۆ نیوە کەم بوونەتەوە. سەباح ئیسماعیل لەو بارەیەوە بە ئاژانسەکەی گوت: بارودۆخەکە زۆر قورسە، زیاتر لە 120 گامێشم هەبوو، بەڵام ئێستا نزیک 60 گامێشم ماوە، هەندێکیان مردن، هەندێکیشانم بەهۆی وشەکەساڵیەوە فرۆشت.

جاسم ئەسەدی، شارەزای زۆنگاوەکانی عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە ساڵی 2015ـەوە ژمارەی گامێش لە عێراق لە 150 هەزارەوە بۆ کەمتر لە 65 هەزار دابەزیوە، کە دابەزینەکە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە هۆکارە سروشتییەکانەوە؛ وەکوو نەبوونی لەوەڕگە، پیسبوون کەشوهەوا، نەخۆشیی گامێشەکان.هاوکات، زۆرێک لە جووتیاران بەهۆی کەمیی قازانجەوە وازیان لە بەخێوکردنی گامێش هێناوە.

لە کۆنەوە جووتیارانی عێراق گامێش بۆ  بۆ سوودوەرگرتن لە شیرەکەیان بەخێو دەکرێن، تەنانەت لە نووسراوە کۆنە سۆمەرییەکانیشدا باسی گامێش کراوە.