عێراق هاوکاری پێشکەشی لوبنان دەکات
سووتەمەنی، گەنم و کادری پزیشکی دەنێرێت
K24 - هەولێر
حکومەتی لوبنان رایگەیاند عێراق سووتەمەنی، گەنم و کادری پزیشکی وەکو هاوکاری بۆ لوبنان دەنێرێت.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ حەسان دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کۆبووەوە و رایگەیاند "قافڵەی بارهەڵگری نەوت لە بەغداوە بەڕێکەوتوون بۆ لوبنان و بە سنووری سووریادا دێن".
جگە لە پێشکەشکردنی سووتەمەنی، عێراق هاوکاریی پزیشکی و گەنمیش دەنێرێتە لوبنان.
یاسین مەعموری، سەرۆکی دەستەی مانگی سوور رایگەیاند "فڕۆکەیەک کە یارمەتیی پزیشکی تێدابووە، فڕۆکەخانەی بەغدای جێهێشتووە و گەیشتووەتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، فڕۆکەکە ژمارەیەک پزیشکی نەشتەرگەریی تایبەتیشی هەڵگرتووە".
لوبنان بەهۆی تەقینەوەکەی سێشەممە (4-8-2020) خوێنی لێدەچۆڕێت، چونکە کاریگەریی ئەو تەقینەوە بێوێنەیە بەجۆرێک بوو، بەپێی دوایین لێدوانی وەزیری تەندروستیی لوبنان "پێنج هەزار کەس بریندار بوون".
رێكخراوی فاوی جیھانی رایگەیاندووە مەترسی ھەیە تەقینەوەی بەندەرەكەی بەیرووت، لوبنان دووچاری قەیرانی ئارد بكات، بۆیە عێراق بڕیاریداوە گەنمیش وەکو هاوکاری بنێرێت.
میدیاکانی لوبنان دەڵێن "رۆژی هەینی گەنم لە عێراقەوە دەگاتە لوبنان".
پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییانە لەلایەن عێراقەوە بۆ لوبنان لەکاتێکدان، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی عێراقی تەنیا بۆ دابینکردنی ئارد کێشەیان نییە، بەڵام هەریەک لە سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکی لە عێراق گرانن.
هـ.ر.