جیهان ترسی لە جەنگێکی ئەتۆمی هەیە

دوای کوژرانی 26 گەشتیاری هیندی لە هەرێمی کشمیر، جیهان لە چاوەڕوانی جەنگی پڕ مەترسیی ئەتۆمیدایە.
ئاڵۆزی و ململانێکانی نێوان هند و پاکستان، بە یەکێ لە ململانێ هەرە ئاڵۆز و درێژەکانی سەردەم ئەژمار دەکرێت، ئەو ململانێیانە لەو کاتەوە دروست بوو کە هەردوو وڵاتەکە ساڵی 1947 لە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانی جودابوونەوە، ڕەگ و ڕیشەی ئەو ئاڵۆزییانەش بۆ پرسە ئایینی و نەتەوەیی و جوگرافییەکان، هەروەها گرژییەکان لەسەر هەرێمی کشمیر دەگەڕێتەوە.
هەرێمی کشمیر، 22ـی نیسانی 2025، هێرشێکی چەکداری کەم وێنەی بەخۆیەوە بینی کە چەندین ساڵ پێش ئێستا بەخۆیەوە نەیبینووە، لەو هێرشە چەکدارییە، 26 گەشتیاری هیندی کوژران و چەند گەشتیارێکی دیکەش برینداربوون، بەرەی موقاوەمەی سەر بە گرووپی(سووپای تیبە) لە ناوچەی بەهلگام، بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووداوی ئەو هێرشە چەکدارییە بۆ سەر گەشتیارانی هیند لە کشمیر، هەموو سەرنجەکان کەوتنە سەر ئەوەی گرژییەکانی نێوان هیند و پاکستان دەگەنە چ ئاستێکی مەترسیداری جەنگ، دواترین گرژیی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ساڵی 2019 بوو.
ئەوەی مەترسییەکانی شەڕی نێوان پاکستان و هیندستانی گەورەتر کردووە ئەوەیە، هەردوو وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین، سەرباری ئەوەش توانایەکی زۆر باش و پێشکەوتووی سەربازییان هەیە، هەردوو وڵاتیش ساڵی 1998 بوونەتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لەگەڵ ئەوەی چەکە ئەتۆمییەکانیان بچووکترە بە چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا، بەڵام جوگرافیای هەردوو وڵات و گرژی و ئاڵۆزیی بەردەوامی نێوانیان، وای کردووە ببنە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ناوچەکە و جیهان.
هیند، سیاسەتی ئەوە دەگرێتە بەر کە دەستپێشخەر نابێت لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئاشکرای کردووە، مافی وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی هەیە، بەشێوەیەک وێرانکاریی دروست بکات، لە ساڵانی دواییشدا، هیندستان ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی بارودۆخەکان چاو بە سیاسەتەکەیدا دەخشێنێتەوە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.
پاکستانیش لە بەرامبەردا هەمان سیاسەتی گرتووەتە بەر، بەوەی کە دەستپێشخەر نابێت لەبەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، هەر کاتێک بوونی بکەوێتە مەترسی، چەکی ئەتۆمی بەکاردێنێت.
ئەو پێشبینیانە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەنێوان هیندستان و پاکستان دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەیە کە لە 22ـی نیسانی ئەمساڵ لەنێوانیان سەری هەڵدا و جیهانی دووچاری دڵەڕاوکێ و ترسێکی گەورە کردووە. چونکە شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازیی، پێیان وایە ئەو جەنگە ئەتۆمییە، کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە و جیهان دەبێت، بە دووریشی نابینن لە گرژی ئەمجارەیان، ئەو دوو وڵاتە پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی چەکی ئەتۆمی ببەن.