دەم پارتی داوا دەکات گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و کارکردنی ئازادانەی بۆ فەراهەم بکرێت
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، پێویستە ئۆجەلان بەئازادانە لەگەڵ پەکەکە کۆ ببێتەوە و پەرلەمان هەنگاوی جددی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بنێت.
پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، توڵای هاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەگردبوونەوەکانی ئیستانبوڵ، بەپەیامنێری کوردستان 24ی ڕاگەیاند "ئۆجەلان بانگەوازێکی کرد و داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە بکەن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، پێویستە هەلومەرج و زەمینەیەک بۆ ئەم داواکارییانەی ئۆجەلان دروست بکرێت."
ڕاشیگەیاند، دەبێت پەرلەمان هەنگاوی زۆر ڕژد لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بنێت.
وڵای هاتیمئۆغڵولاری گوتیشی: داوا دەکەین گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و کارکردنی ئازادانەی بۆ فەراهەم بکرێت، هەروەها وەک دەم پارتی داوا دەکەین، ئۆجەلان بتوانێت لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان کۆ بێتەوە کە لە سەروی هەمووان، لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەی کە خۆی دایمەزراندووە کۆ بێتەوە.
