هۆشداری لە ڕوودانی سونامی لە چیلی و ئەرجەنتین دەدرێت
دەزگای فریاکەوتنی چیلی و نووسینگەی پارێزگاری تیێرا دێل فویگۆی ئەرجەنتینی هۆشداری لە ڕوودانی سونامی دەدەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلەی ڕیختەر لە نێوان کیشوەری بەستەڵەکی باشوور و باشووری ئەمەریکای دا.
هەینی 2ـی ئایاری 2025، دەزگای فریاکەوتنی چیلی(سێناپرێد) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دوای بوومەلەزرەکەی وڵاتەکەی هۆشداریی ڕوودانی سونامی لە کەنارەکانی هەریمی ماگالانێس دا.
لای خۆیەوە گابرێل بۆریچ، سەرۆکی چیلی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، داوا لە هاووڵاتیانی کەناراوەکان لە سەرانسەری ناوچەی ماگالانێس کرد ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن.
دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمەریکی (USGS) لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، لە کاتژمێر 9:58 خولەک بە کاتی چیلی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلەی ڕێختەر و بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ڕێڕەوی ئاوی 'درەیک' لە نێوان کیشوەری بەستەڵەکی باشوور و باشووری ئەمەریکا ڕووی دا، کە نزیکەی 219 کیلۆمەتر لە پۆرتۆ ویلیامز لە چیلییەوە دوورە.
بەگوێرەی نووسینگەی پارێزگای تیێرا دێل فویگۆی ئەرجەنتینی، بوومەلەرزەکە لە شاری ئوشوایای ئەرجەنتین و شارۆچکەکانی دیکەی سەرتاسەری پارێزگاکە هەستی پێ کراوە. ئاماژەشی دا، تا ئێستا هیچ زیانێکی ماددی و گیانی تۆمار نەکراوە. هاوکات داواش لە هاووڵاتییان دەکات کەناراوەکانی باشوو چۆڵ بکەن.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، چیلی یەکێک لەو وڵاتەنەی کەوتووەتە سەر هێڵی بوومەلەرزە. پێشتر چەندین جار بوومەلەرزە لەو وڵاتەی داوە.
لە ساڵی 2010 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی ڕێختەر لە یەکێک لە کەنارەکانی چیلی دا و بووە هۆی دروستبوونی سونامی و مردنی 520 کەس.