314 پارتی سیاسی ناویان بۆ هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراوە

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 66 پارتی نوێ داواکاریان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە. سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش دەڵێت: 314 پارت تۆمار کراون و بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.

عیماد جەمیل، سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەردەوامە، سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن ئەوەی کۆمیسیۆن کاری پێ دەکات تاوەکوو ئێستا یاسای ژمارە 12 ساڵی 2018یە.

سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆن ئێستا ئامادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەکاتی دیاریکراوی خۆی بەڕێوە ببات.

گوتیشی: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 66 پارتی نوێ داواکاریان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە، هەروەها 314 پارتیش تۆمار کراون و بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.

لەدوای ساڵی 2003، پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دراوە و بڕیارە ڕۆژی 11 تشرینی دووەمی ئەمساڵیش خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرێوە بچێت.

هاووڵاتییانی بەغدا دەڵێن: لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، هەڵبژاردن هیچی لە دۆخی ئەوان نەگۆڕیوە، بۆیە بڕوایان بەوە نییە هەڵبژاردن بتوانێت دۆخی خراپی هاووڵاتییان باشتر بکات.