عێراق پارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی نییە

هه‌ڵبژاردن به‌ پاره‌ی قه‌رز ده‌كرێت

K24 - ھەولێر:

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تاكو ئێستا عێراق توانای پارەداركردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی نیە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە. گووتیشی: روونە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە رێگای قەرزكردن دەكرێت.

ئەحمەد مەزھەر ئەلجبووری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقدا لە لێداونێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی "بەغداد ئەلیوم" گووتی: خراپی رەوشی دارایی لای رایگشتی عێراقی دیارە و شاراوە نییە. ئاماژەشیكرد، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستیی بە زوو دابینكردنی پارەیەكی زۆرە بۆ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان و تاكو ئەم ساتە ئەو توانایە نابینم لە پارەداركردنی كۆمسیۆن بە ملیاران دینار بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان. كێشەكان زۆرن و لەوانەش ئەوەی پەیوەستە بە لایەنی دارایی، كە ئاسان نییە.

گووتیشی: ئێستا حكومەت پشت بە قەرز دەبەستێت بۆ دابینكردنی مووچەی كارمەندانی، بۆیە تاكە رێگه‌ بۆ پارەداركردنی كۆمیسیۆن پەنابردنە  بۆ قەرزكردن، واتە ھەڵبژاردن بەشێوازی قەرزكردن.

یەكشەممەی رابردوو، گووتەبێژی سەرۆك وەزیران، ئەحمەد مەلا تەلال گووتبووی، تیمێكی تایبەت ھەیە بۆ ئامادەكردنی پلانێكی تایبەت بە ھەڵبژاردنەكان بەپێی پێوەرە نێودەڵەتییەكان.

روونیشیكردبووە، ھیچ كێشەیەك نیە لە دابینكردنی پارەی تایبەت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت.

كۆمسیۆنیش لە بەیاننامەیەكدا چوار مەرجی داناون بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە 6ی حوزەیرانی 2021. یەكەمیان: دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زووترین كات یاسای ھەڵبژاردنەكان تەواو بكات و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوی بكاتەوە. دووەم: ئەنجوومەنی نوێنەران تێكستێكی یاسایی داڕێژێتەوە بۆ مادەی سێیەم لە  فەرمانی ژمارە 30ی ساڵی 2005 بۆ تەواكردنی رێژەی یاسایی دادگای باڵای ئیتحادی، كە تاكە لایەنی رێگاپێدراوە بۆ رەواییدان بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن.

ھەروەھا گووتی: دەبێت حكومەت بودجەی ھەڵبژاردنەكان و ئەو پێداویستیانەی پێشتر دابینبكرێن، كە لە وەزارەتەكانی پەیوەست داواكراون، كە ھەبوونیان ھاریكار دەبێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا. لەم بوارەشدا كۆمسیۆن داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران تەرخانبكات بۆ گفتووگۆكردن لە سەر چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە كۆسپن لە بەردەم كاری كۆمسیۆن لەگەڵ وەزارەتەكاندا و بڕیاری پێویستیش لەم بارەوە بدرێت.