پەیامنێرانی بێسنوور: ئازادی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا ئەستەم بووە

بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیامنێرانی بێسنوور، لە 180وڵاتی جیهاندا سێ لەسەر چواری میدیا و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ( RSF)، لە ڕاگەیاندراویکدا ئاماری ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا بڵاو کردەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی RSF کە ناوەندەکەی لە پاریسە، لە 180وڵات سێ لەسەر چواری میدیا و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس یان کێشە دەبنەوە.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە یەکەمین جارە لەسەر ئاستی جیهاندا دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ئەوەندە ئەستەم و قورس بێت.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا، وڵاتی ئەمەریکای بە نموونە ‌هێناوەتەوە، کە لە بواری ئابوورییەوە سنووردارکردنەکان زیادی کردووە. هەروەها، نەرویج ماوەی 9 ساڵە لە پلەی یەکەمدایە، ئەمەریکا دوو پلە دابەزیوە و لە پلەی 57 دایە. تورکیا لە چوار یەکی کۆتاییدا 2 پلە دابەزیوە بۆ پلەی 159.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕاشیگەیاندوە "گوگڵ، ئەپڵ، فەیسبووک، ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت" پشکێکی زۆر لە داهاتی ڕێکلام کردن بەدەستدەهێنن، بە ناوەڕۆکی پێچەوانەی خۆیان ڕۆژنامەگەری دەخنکێنن.

هەر لە ئامارەکەدا، هەریەکە لە وڵاتانی ئەریتریا، کۆریای باکوور و چین لە خوارەوەی پلەی پێوانەکانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتیدان.