زێلێنسکی هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە هەڕەشە بۆ سەر گیانی سەربازە دێرینەکانی تۆمەتبار دەکات.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، زێلێنسکی هەڕەشە لە گیانی سەربازە دێرینەکانمان دەکات و بەدڵنیاییەوە لێدوانەکانی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن.
هەروەها کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاندووە، پوتن پێشنیازی ئاگربەستێکی سێ ڕۆژەی ڕاگەیاندووە، بەمەبەستی بەڕێوەچوونی یادی 80 ساڵەی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤییەت و هاوپەیمانەکانی بەسەر ئەڵمانیای نازی لە جەنگی دووەمی جیهانی دا، بەڵام کیێڤ ڕەتی دەکاتەوە ئەو ئاگربەستە قەبووڵ بکات.
کرێملن ئاماژەیداوە، ئاگربەستەکە 72 کاتژمێر دەخایەنێت، لە 8 تا 10ـی ئایار بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی پوتن بتوانێت لە 9ـی ئایاردا میوانداری سەرکردەکانی جیهان بکات، لەنێویاندا شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی سەرکەوتن.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاگربەستێکی لەو شێوەیە ڕەتکردووتەوە و ڕایگەیاندووە، تەنیا کاتێک بە ئاگربەست ڕازی دەبێت، ئەگەر لانیکەم 30 ڕۆژ بخایەنێت.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد، بە لەبەرچاوگرتنی شەڕی بەردەوام لەگەڵ ڕووسیا، ئۆکرانیا ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی هیچ بیانییەک بکات، کە بۆ یادی 9ـی ئایار سەردانی مۆسکۆ بکات.