كاسبكارانی بازاڕی دارهسووتاوهكه لە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەدان

زیاتر لە مانگێکە بازاڕى دارەسووتاوەکە سووتاوە و، شوێنەکە وەک خۆى ماوەتەوە، دیزاین و نۆژەنکردنەوەی زۆر بە سستى بەرێوە دەچێت. کاسبکارانى زیانلێکەوتووش چاوەڕێى جێبەجیکردنى ئەو بڕیارانەن کە بۆ دیزانکردنەوەى بازاڕەکە دەرچووە.
بەشێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى سلێمانى وەک پارێزگارى سلێمانى، شارەوانى و بەرگرىی شارستانى سەرپەرشتى دیزانکردنەوەى بازاڕی دارەسووتاوەکە دەکەن، بەڵام هێشتا بەشێکى زۆرى کارەکان نەکراوە، جگە لە پرسى دیزاینکردنەوەى بازاڕەکە، ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووان تێبینییان لەسەر جۆرو شێوازى قەرەبووکردنەوەیان هەیە.
ژمارەیەک لە زیانلێکەتووانی بازاڕی دارەسووتاوەکە، بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند: تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە، پرۆسەی دیزاین و نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت.
لای خۆیەوە شاهۆ عوسمان، جێگرى پارێزگارى سلێمانى، بە کوردستان24ـی گوت: "بابەتی دروستکردنەوەی دوکانەکان لە پڕۆسەی بنیاتنانەوەدا دەبێت و ئێمە هاوکاریان دەبین".
باسی لەوەش کرد، بە نووسراوی فەرمی لە پارێزگاوە ئەو خەمڵاندنەیان بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی عێراقیش وە ناردووە.
5ـی نیسانی 2025، ئاگر لە بازاڕى دارەسووتاوەکەى سلێمانى کەوتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 133 دوکان و پێنج مێز زیانى زۆرى مادیان بەرکەوت، هەر بۆیە بڕیاڕ درا بەپێى جۆرى زیانەکان هەر دوکاندارێک قەرەبوو بکرێتەوە، کە کۆى قەرەبووەکەی تەواوی بازاڕەکە نزیکەی یەک ملیار دینارە.