ئۆپێک پڵەس نرخی نەوتی دابەزاند
دوای بڕیاری ئوپێک پڵەس بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی حوزەیران، جارێکی دیکە نرخی نەوت بە ڕێژەی 3% دابەزی.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی مامەڵەکانی بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تێکساس بەڕێژەی 3.8% دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 56.08 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا، هەروەها نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 3.5% نرخی دابەزی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 59.17 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
دوای ئەوەی هەشت وڵاتەکەی ئەندامی ئوپێک پڵەس شەممە 3ـی ئەم مانگە پلانی مانگی داهاتوویان بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگەیاند، کە ڕۆژانە هەر وڵاتێک 411 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە زیاد بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئۆپێک پڵەس، لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، کە ئەم مانگە جێبەجێی دەکەن، ڕۆژانە هەر وڵاتێک 137 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات.
سەبارەت بە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس، جۆرج لیۆن، لە کۆمپانیای ڕیستاد ئێنێرجی بە فرانس پرێسی گوتووە "ئوپێك پڵەس بۆمبێکی فڕێدایە نێو بازاڕی نەوت".
هەروەها ئاماژەیداوە، کۆمەڵەکە ستراتیژییەتی خۆیان گۆڕیوە و هەوڵدەدەن دوای چەندین ساڵ بەشە بازاڕی خۆیان فراوان بکەنەوە.