ڕووسیا شکست پێهێنانی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر مۆسکۆی ڕاگەیاند

سێرگی سوبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە کەناڵی تێلگرام بڵاوی کردووەتەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەی پۆدۆڵسک توانیویانە شکست بە هێرشێکی درۆنی ئۆکرانیا بێنن و چوار درۆنیان تێکشکاندووە کە بەرەو مۆسکۆ ئاڕاستە کرابوون.

ئاشکراشی کردووە، هێرشەکە شەوی ڕابردوو بووە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە شوێنی کەوتنە خوارەوەی پارچەی درۆنەکان، زیانی گیانی و ماددی هەن؛ لەگەڵ ئەمەشدا تیمەکانی فریاگوزاریی لە شوێنی ڕووداوەکەن بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاگەیاندنی قەبارەی زیانەکان.

هێرشەکەی ئۆکرانیا لە کاتێکدا کە بڕیارە 9ـی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ لە یادی 80 ساڵەی سەرکەوتنی جەنگی دووەمی جیهانی بەسەر نازییەکاندا، ئاهەنگێکی فراوان بە ئامادەبوونی سەرۆکی چین و بەرازیل و چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمانی مۆسکۆ بەڕێوە بچێت.

حکوومەتی ڕووسیا بۆ ئەوەی یادەوەرییەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت، پێشنیازی ئاگربەستێکی سێ ڕۆژەی بە ئۆکرانیا داوە و ئەمەشی وەک هەڵسەنگاندنێکی کیێڤ بۆ ئاشتی دیار کردووە، بەڵام ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، بڕوای بە ڕووسیا نییە، ڕێز لە ئاگربەست بگرێت.