هەرێمی کوردستان.. بەهۆی خۆڵبارینەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەکانییان کردووە

لە سلێمانی و هەولێر و کەرکووک ژمارەیەک هاووڵاتیی بەهۆی خۆڵبارینەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و کەشناسیش دەڵێت: تا درەنگانی ئەمشەو خۆڵبارین بەردەوامی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: دوای کاتژمێر یەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆڵێکی خۆڵبارین سلێمانی گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی تووشی تەنگەنەفەسی بوون.

گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەش کرد، 10 هاووڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەکانی سلێمانییان کردووە، بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن و دوای وەرگرتنی چارەسەر بەشێک لەو هاووڵاتییانە گەڕانەوە ماڵەوە.

هەروەها لەشاری هەولێریش بەهۆی خۆڵبارینەوە 12هاووڵاتیی تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانییان کرد.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە لە کەرکووک، بەهۆی خۆڵبارینەوە 102 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسی و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کران بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند:40 کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، تووشی تەنگەنەفەسی بوون و چارەسەریی پزیشکییان بۆ کراوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆڵێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کەشناسیش دەڵێت: کاریگەرییەکەی لە باشووری خۆرئاوای عێراقەوە هاتووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment