ئارین مەسرور بارزانی چاڵێنجی دەمامك بەستن رادەگەیەنێت

"با پێکەوە سەلامەتی کۆمەڵگە، خێزان و هاوڕێکانمان بپارێزین"

K24 - هەولێر:

ئارین مەسرور بارزانی، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، بە هاشتاگی #AreenMaskChallenge چاڵێنجی بەكارهێنانی و بەستنی دەمامكی راگەیاند.

ئارین مەسرور بارزانی، لە ئینستاگرامی تایبەتی خۆی، وێنەیەكی خۆی بە ماسكەوە داناوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی: "پێویستە هەموومان دەمامك ببەستین، تا هۆشیاری گرینگی بەکار هێنانی دەمامك بەرزبکەینەوە و یارمەتی سەقامگیربوونی بارودۆخەکە بدەین".

هەروەها نووسیویەتی: "هەر کێ دەیەوێ لەم چالێنجە بەشدار بێت با #AreenMaskChallenge بنووسێ و بە وێنەیەکی بە دەمامکەوە هاوبەش بێت. زۆر سوپاستان دەکەم، با پێکەوە سەلامەتی کۆمەڵگە، خێزان و هاوڕێکانمان بپارێزین".

مەبەستیش لەو چاڵێنجە، هاندانی هاووڵاتیانە بۆ بەكارهێنان و بەستنی ماسك، بۆ ئەوەی لە تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا پارێزراو بن.

چاڵێنجەكەی ئارین مەسرور بارزانی، لەكاتێكدایە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان 15 هەزار كەسی تێپەڕاندووە و رۆژانەش ژمارەش تووشبووان زیاد دەكات.