هەسەدە پێدانی پۆستێکی سەربازی بە ئەبو حاتەم شەقرا ڕەت دەکاتەوە

هەسەدە پێدانی پۆستێکی سەربازی بە ئەبو حاتەم شەقرا بە توندی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: شوێنی تاوانباران زیندانە نەک پلە و پۆستی حکوومی. 

فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی دەستنیشانکردنی ئەبو حاتەم شەقرا، وەک فەرماندەی فیرقەیەکی سەربازیی سووریا، ڕایگەیاند "دانانی کەسانی تاوانبار لە پۆستە هەستیارەکانی سووریا قبووڵکراو نییە، چونکە ناکرێت تاوانبارێکی داواکراو لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، جێگەی تاوانبارێکی دیکە لە پۆستە هەستیارەکانی سووریا بگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە دامەزراوەکان پیس دەکەن."

گوتەبێژی هەسەدە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە "تاوانبارێکی وەک ئەبو حاتەم شەقرا، چەندین تاوانی کردووە لەوانەش شەهیدکردنی هێڤرین خەلەف، پێویستە شوێنی ئەو قەفەسی دادگا بێت نەک پۆست و پێگە."

دووشەممە، 05-05-2025، وەزارەتی بەرگریی سووریا، ئەحمەد هیاس، ناسراو بە "ئەبو حاتەم شەقرا" کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکایە، وەک فەرماندەی فیرقەی 86ـی سەربازی دەستنیشان کرد.

ئەبو حاتەم شەقرا فەرماندەی گرووپی چەکداریی "ڕزگاری و بنیاتنان" بوو کە بڕبڕەی پشتی فەیلەقی یەکەمی سوپای نیشتمانی بوو و لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرا.

هیاس لە ساڵی 2021ـەوە بەهۆی تێوەگلانی لە کوشتنی هەڤرین خەلەف، سیاسەتمەداری کورد و ئەنجامدانی پێشێلکاری و تاوانەکانی مافی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە لیستەکانی سزاکانی ئەمەریکادایە.

کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2021 ئەبو حاتەم شەقرای خستە لیستی تیرۆرەوە، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو "ئەو هاوبەشی ژمارەیەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ بووە کە لەلایەن گرووپە چەکدارییەوەکە ئەنجامدراون." ئەوەشی خستبووە ڕوو، ئەبو حاتەم بەرپرسی زیندانی حەلەبی گرووپە چەکدارییەکە بووە لە ساڵی 2018، کە سەدان دەستگیرکراوی تێدا لەسێدارە دراون.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا باسی لەوەش کردبوو، ناوبراو دەستی هەبووە لە بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵانی ئێزیدی و ئەندامانی پێشووی داعشی لە ڕیزەکانی ئەحرار ئەلشەرقیە یەکخستووە.